لە هەفتەی رابردوو هێزە تەناهییەكانی عێراق دەستیان بە هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی ژمارەیەك تۆمەتبار بە گەندەڵی لە سیاسەتوان و پەرلەمانتار كرد، هەڵمەتەكە بەردەوامە و تا ئێستە دەست بەسەر دەیان ملیۆن دۆلار و موڵكوماڵ گیراوە، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق ئاماژە بۆ بوونی دەیان دۆسیەی تری گەندەڵی تر بە بەهای چەندان ملیۆن دۆلار دەكات.
یاسر حوسێنی پەرلەمانتاری پێشوو دووپاتی كردەوە كە چەندان دۆسیەی كەڵەكەبووی گەندەڵی لە وەزارەت و دامەزراوە حكوومەتییەكانی عێراق هەن و چەندان ترلیۆن دۆلاریان لە گەنجینەی دەوڵەت و سامانی خەڵك بەهەدەر داوە، ئەو ئاماژە بۆ وەزارەتی پیشەسازی دەكات كە گەندەڵی لەو وەزارەتە زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتی پێوەست بە سامانی كانزاكانەوە، روونی كردەوە، عێراق خاوەن سەرچاوەیەكی كانزاییە بە 15 ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، كە هی نەوەكانی داهاتووە.
ئاماژەی كرد، قەبارەی یەدەگی كانزا سروشتییەكانی عێراق بە 22 ملیار تۆن دێتە خەمڵاندن، كە زیاتر لە 300 جۆر كانزا لەخۆ دەگرێت، لەوكاتەی بەشێكیان دراونەتە چەند كۆمپانیایەكی ناشارەزا و ناپسپۆڕ و بە نرخێكی زۆر كەم، نزیكە لە سفر، هاوكات چەندان دۆسیەی گەندەڵی لە دەزگای ناوەندیی پێوانەكردن و كۆنترۆڵی جۆری سەر بە وەزارەتی پلاندانان هەیە، كە ئەوانەش زۆر مەترسیدارن و پێوەندییان بەو مادە خۆراكی و كاڵایانە هەیە دێنە بازاڕی عێراقەوە و هاووڵاتییان بەكاریان دێنن.
حوسێنی دووپاتی كردەوە ئەوانە و دۆسیەكانی گەندەڵی لە هەردوو وەزارەتی گواستنەوە و بازرگانی، بەتایبەتی پێوەست بە مۆڵەتی بەكارخستن و دامەزراندی ئاشەی نوێ لە دەرەوەی مەرجە یاساییەكان، جیا لە ساختەكاری لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، كاتێك گەنمی هەناردەكراو بە ناوی گەنمی ناوخۆیی وەردەگیرێت، ئەوانەش بارگرانین بۆ بودجەی دەوڵەت.