ترەمپ: گفتوگۆیەکانمان لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی یەک هەفتە ڕادەگرین

:: PM:09:36:04/07/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە بۆ ماوەی یەک هەفتە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران ڕادەگرن، تا ئەو کاتەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی ڕابەری کۆچکردووی ئەو وڵاتە کۆتایی دێت.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکی ڕای گەیاندووە، هیچ لایەنێکیان لە کاتی بەخاکسپاردنی خامنەییدا تەقە لە یەکتر ناکەن. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئێرانییەکان دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک ئەنجام بدەن.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، چاودێریی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی دەکەم، ئێمە دەتوانین هەموویان لەناو ببەین، بەڵام هیچ کەسێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لێ کردووە کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی ئەنجام بدەن، پێشبینیش دەکرێت کۆبوونەوەکە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بەڕێوە بچێت. ترەمپ دووپاتی کردەوە، نەتنیاهۆ دەزانێت سەرکردە کێیە و پێوەندییەکەمان زۆر باشە
.
لەلایەکی ترەوە، کەناڵی 15ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە ترەمپ داوای کردووە دۆخی لبنان نەقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران تێک نەچێت. هاوکات نەتنیاهۆ لەسەر داوای ترەمپ، داوای دواخستنی ئۆپراسیۆنێکی لە ناوچەی عەلی تاهیر لە باشووری لبنان کردووە.


وشە - پۆڵا مەحموود