"پارە دزراوەكانی دەوڵەت لە ناو 300 باغی بەغدا دا حەشار دراون"

:: AM:11:48:05/07/2026 ‌
حكوومەتی عێراق زانیاریی پێگەیشتووە كە پارەی زۆر و زەبەلاحی میلیشیاكان و گەندەڵكاران، لە ناو 300 باغی بەرپرسان لە بەغدا و ناوچەكانی تر حەشار دراون و پلانی هەیە هەڵبكوتێتە سەر ئەو باغانە.

ڕۆژنامەی "مەدا" بڵاوی كردووەتەوە، ئەو باغانە "مەزرەعە" تەنیا زەویی كشتوكاڵی نین كە باخچە و ماڵیان تێدا دروست كرابێت، بگرە بوونەتە شوێنی حەشاردانی پارە و چەكی میلیشیاكان، گرێبەست و دەستەوارە و مامەڵەی دوور لە چاوی دامەزراوەكانی دەوڵەتیان لێ ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، چاوەڕوان دەكرێ نهێنیی زۆر گەورە لە ناو ئەو باغانە حەشار درابێت، ژمارەیان زیاتر لە 300 باغ دەبێ و زۆرینەیان لە بەغدان، بەشێكیشیان كەوتووەتە پارێزگای سەڵاحەدین و مووسڵ و واست و میسان و دیوانیە و دیالە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو هەڵمەتەی هەینی لە دۆرە لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە ئەنجام درا، ئامانج لێی كۆنترۆڵكردنی یەكێك لەو باغانە بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی میلیشیاكانی تێدا بووە، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوانیان ڕووی دا.

سەرچاوەكان نایشارنەوە كە زۆرینەی گرێبەست و دەستەوارەكان لە نێوان سەرمایەداران و بەرپرسان و سیاسەتوان و گرووپە میلیشیاكان ئەنجام دەدرێن، لەو باغانە كۆبوونەوەی لەسەر دەكرێ و واژوو دەكرێن.

سەرەتای دۆزینەوەی پارەی زەبەلاح لە ناو باغەكان، لە باغەكەی عەدنان جومەیلی بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستی پێ كرد، كە زیاتر لە 20 ملیار دینار لە ناو كارتۆن پێچرابوون و هەڵگیرابوون، سەرجەمی ئەو پارانە دەستی بەسەردا گیرا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د