دەستپاكیی عێراق: لە دۆسیەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان سوپرایز هەیە

:: PM:05:34:05/07/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو دەیان و سەتان دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە عێراق ئاشكرا بووە، كە پارەیەكی خەیاڵی تیادا بەهەدەر دراوە و دزراوە و بەشی زۆری بۆ دەرەوەی عێراق بردراوە، ئەمڕۆ دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی گەڕاندنەوەی بڕێكی زۆری پارە دزراوەكانی عێراقی لە دەرەوە راگەیاند و ئاماژەی كرد كە ئەو دۆسیە لە داهاتوو سوپرایزی گەورەی تیادا دەبێت. 

دەستەكە روونی كردەوە، تا ئێستە رێژەیەكی باشی پارە دزراوەكان لە دەرەوەی عێراق گەڕێندراونەتەوە و لە داهاتووش سوپرایزی زۆر هەیە، لەوانە دەستەكە توانیویەتی نیوەی ژمارەی تۆمەتباران لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كە بۆ دەرەوەی عێراق هەڵاتوون، بگەڕێنێتەوە، ئێستە هاریكارییەكی زۆر لە نێوان ئینتەرپوول و دەزگاكانی جێبەجێكردنی یاسا هەیە، بەڵام كێشە لەگەڵ هەندێك وڵاتان هەیە لەبارەی گەڕاندنەوەی تۆمەتباران.

ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە هاووڵاتییان كرد كە زانیاری لەسەر گەندەڵی بە لایەنە پێوەندارەكان بدەن، لە بەرانبەردا پاداشتێكی دارایی باش دەكرێن، دووپاتی كردەوە ئاگەداری سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق دەكەینەوە كە زانیاری لەبارەی گەندەڵی و پارەی گشتی دزراو بدەن و بەشدار بن لە ئاشكراكردن و گێڕانەوەی بۆ گەنجینەی گشتی، ئەمە بەرپرسیاریەتییەكی شەرعی و ئاكاری و نیشتمانییە.

زەیدی فەرمانی كرد كە پاداشتێكی دارایی باش بەو كەسانە بدرێت كە زانیاری لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی دەدەن بە گوێرەی یاسا، وەك رێزگرتنێك بۆ ئەو هاووڵاتییانە كە بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەڵدەستن و پشتیوانی پرۆسەی ریشەكێشكردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی لە وڵات دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل