چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كۆ دەبێتەوە

:: PM:06:34:05/07/2026 ‌

لە دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان، حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە هێشتا نۆ وەزارەتی كابینەكەی بەتاڵە، تا ئێستە دوو هەڵمەتی گەورەی دەست پێ كردووە، داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، كە هەردووكیان زیاتر ناو ماڵی شیعە دەگرێتەوە، بڕیارە سبەی دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێكردنی ئەو دوو دۆسیە و هیتریش كۆ ببێتەوە. 

عامر فایز سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرای كرد كە سبەی دووشەم چوارچێوەكە بۆ تاوتوێكردنی چەند دۆسیەیەكی گرنگ كۆ دەبێتەوە، لەوانە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكان و داماڵینی چەكیان و سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن.

روونی كردەوە، سبەی لە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی و خولیی خۆیان، سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا بۆ باسكردنی پرسە گرنگەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی لە بەغدا كۆ دەبنەوە، بەتایبەتی دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و وردەكاریی سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتن و كارنامەی سەردانەكەی، كۆبوونەوەكە باسی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراقیش دەكات، كە رەنگە لە دوای گەڕانەوەی زەیدی لە واشنتن تەواو بكرێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی سبەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی پەلەكردن لە پرۆسەی لێكهەڵوەشانەوەی گرووپە چەكدارەكان و رێوشوێنە كارگێڕییە تایبەتەكان بە وابەستەیی ئەو گرووپانە لەگەڵ دامەزراوە حكوومەتییەكان بكرێت، بەتایبەتی ئەو گرووپانەی تا ئێستە ئامادەییان بۆ یەكخستن لەگەڵ دامەزراوە و وەزارەتە سەربازی و تەناهییەكان و حەشدی شەعبی دەربڕیوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل