سەرچاوەكان: عێراق رازی نەبووە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی لە بەغدا بێتە سازكردن

:: PM:06:57:05/07/2026 ‌

لە دوێنێوە رێوڕەسمی بەخاكسپاردن و ماڵئاواییكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە تاران دەستی پێ كردووە، بڕیارە چوارشەمی داهاتوو تەرمەكەی بهێنرێتە نەجەف و كەربەلا و لە عێراقیش رێوڕەسمێكی فەرمی و جەماوەری بۆ رێك بخرێت، چەند سەرچاوەیەك ئاماژە دەكەن كە حكوومەتی عێراق چەند مەرج و كۆتێكی لەسەر رێوڕەسمەكە لە عێراق داناوە.

بەپێی سەرچاوەكان حكوومەتی عێراق لە سەرەتادا رازی نەبووە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە تەرمی خامنەیی لە عێراق بێتە سازكردن، بەتایبەتی لە بەغدا، ئەوەش بەهۆی خەمڵاندنە تەناهی و حیساباتی سیاسی كە بە رێگەی دیپلۆماسی و فەرمی بە تاران راگەیەندرا، بەڵام دواتر بە گوشاری تاران، بەغدا لەسەر سازكردنی رێوڕەسمێكی سنووردار لە نەجەف و كەربەلا رازی بوو، لەگەڵ رەتكردنەوەی ئەنجامدانی هیچ چالاكییەك لە بەغدا.

سەرچاوەكان ئەوەشیان گوت كە حكوومەتی عێراق بە ئێرانی راگەیاندووە نابێت هیچ لە سەركردە سەربازییەكانی ئێران بەشداری لە رێوڕەسمەكە لە عێراق بكەن، بەتایبەتی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، ئەوەش بۆ رێگرتن لە هەر لێكەوتەیەكی تەناهی یان رەوانەكردنی پەیامی سیاسی لەپاڵ رێوڕەسمەكەوە، چونكە بەغدا وا سەیری رێوڕەسمەكە دەكات زیاتر لە رەهەندێكی ئاینی و پرۆتۆكۆلی هەیە، رەنگە بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی بە بەردەوامیی دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی ئێران لە عێراق بەكار بهێنرێت، لەوكاتەی حكوومەتی عێراق هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی لە پێوەندییەكانی لە ناوچەكە و دنیا دەدات.

سەرچاوەیەكی تر ئاماژەی كرد كە ئەو دۆسیە زەیدی دەخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی هەستیاری دیپلۆماسییەوە، كە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەسازییەكانی بۆ سەردانیكردنی واشنتن و دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، كە وا لە حكوومەتەكەی دەكات خۆی لە هەر هەنگاوێك بەدوور بگرێت كە وەك لاگیری و نزیكبوونەوە لە جەمسەرێكی ناوچەكە لەسەر حیسابی كرانەوە لەگەڵ ئەمەریكا لێك بدرێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل