ئەمڕۆ یەکشەم پێنجی تەمووزی 2026، بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی فرانس پرێسی فڕەنسا بڵاوی کردووەتەوە، ڕای گەیاندووە کە هەندێک لە شارۆکە مەسیحییەکانی لبنان داوایان کردووە بخرێنە سەر ئیسرائیل.
پێشتر لە ئەمڕۆدا، نەتنیاهۆ ڕەتی کردەوە هیچ درزێک لە پێوەندییەکانی نێوان خۆی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکادا هەبێت. هاوکات دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتن لە تێڕوانینەکانیاندا هەیە و هەر جیاوازییەکیش هەبێت، بە کراوەیی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
لەلایەکی ترەوە، کەناڵی 15ی ئیسرائیلی دوێنێ شەموو بڵاوی کردبووەوە کە ترەمپ داوای لە نەتنیاهۆ کردووە دۆخەکە لە لبنان ئاڵۆز نەکات، بۆ ئەوەی ئەو پێوەندییانەی لەگەڵ ئێراندا هەیەتی ڕووبەڕووی ئاستەنگ نەبنەوە.
کەناڵەکە دووپاتی کردەوە کە نەتنیاهۆ لەسەر داوای ترەمپ، داوای دواخستنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی لە ناوچەی عەلی تاهیر لە باشووری لبنان کردووە.