دوای ئەوەی ئەمەریكا رژێمی دەسەڵاتی لە سووریا گۆڕی و بە تەواوەتی ئەو وڵاتەی لە چنگی ئێران دوور خستەوە، ئێستە سەری خستووەتە سەر عێراق، هەردوو وڵاتی لە رێگەی تۆم باراك نوێنەری تایبەتی واشنتن بەیەكەوە گرێ داوە و ئامانجی سەرەكیش دوورخستنەوەی عێراقە لە بازنەی ئێران، بۆیە بەنیازە بە رێككەوتنێكی ئابووری پێوەندییەكانی هەردوو وڵات دوور لە ئێران رێك بخاتەوە.
سێ سەرچاوەی سووری و رۆژئاوایی و عێراقی ئاماژەیان كرد كە عێراق و سووریا خۆیان بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی گرێدانی ئابووری بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا ئامادە دەكەن، ئەوەش لە پەراوێزی سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ واشنتن، لە هەنگاوێك رێگە بۆ هاوپەیمانیەتێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی عەرەبی، دوور لە سەربازگەی نەیار بۆ ئەمەریكا لە ناوچەكە خۆش دەكات.
بەپێی سەرچاوەیەكی سووری، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی واشنتن دەكات، بڕیارە لەوێ چاوی بە زەیدی یان بەرپرسانی عێراق كە هاوەڵی زەیدی دەكەن بكەوێت، سەرچاوەیەكی رۆژئاواییش دووپاتی كردەوە كە ئەو دیدارە لە دوای كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی دەبێت.
بەپێی سەرچاوەیەكی سووری تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا سەرپەرشتیی رێككەوتنەكەی بەغدا و دیمەشق دەكات و ئەگەریش هەیە لە داهاتوو وڵاتی تری عەرەبی بێنە ناوییەوە، ئەگەر لێكتێگەیشتنی تەكنیكی و سیاسییەكان بە ئەنجام بگەن، راوێژكارێكی سیاسیی حكوومەتی پێشووی عێراق دووپات لەو رێككەوتنە دەكاتەوە دەڵێت، تیمی زەیدی ئامادەسازی بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی ئابووریی لە ناوچەكە دەكەن كە سووریاش دەگرێتەوە.