دەستەی دەستپاكی عێراق ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، دوو بەرپرسی وەزارەتی كارەبا لە پارێزگای دیوانییەی باشووری عێراق، بە تۆمەتی پێدانی بڕە پارەیەكی زۆر وەك بەرتیل تا لە بەرانبەر پۆستیان پێ بدرێت، گیران.
لە
ڕاگەیەنراوێكی دەستەی دەستپاكی عێراقدا هاتووە، تیمێكی هۆبەی پكشنین و كۆنترۆڵكردن لە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی دیوانییە، چوونە سەر بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای دیوانییە و توانیان بەڕێوەبەری فەرمانگەكە و بریكارەكەی لە پەراوێزی پێدانی پارە وەك بەرتیل تا ئاسانكارییان بۆ بكرێ و پۆستی حكوومی باڵاتر وەربگرن، گیران.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، هەڵمەتەكە بە پشتبەستن بووە بە فەرمانی گرتن لەلایەن دادوەرەوە بەگوێرەی حوكمەكانی مادەی 307 یاسای سزاكانی عێراق، تۆمەتبارە گیراوەكان لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبرێنە بەردەم دادوەر و لیكۆڵینەوە و ڕێوشوێنی پێویستیان بەرانبەر دەگیرێتەبەر، یاسایش چارەنووسی هەردووكیان دیاری دەكات.
لە یەكشەمی ڕابردوو هەڵمەتی "هێرشی بەرەبەیان" بۆ گرتنی گەندەڵكاران لە عێراق دەستی پێ كرد، تا ئێستە زیاتر لە 47 بەرپرس و پەرلەمانتار و كارمەندی حكوومی گیراون و دەست بەسەر دەیان ملیار دینار و ملیۆنان دۆلار گیراوە و پرۆسەكەیش بەردەوامی هەیە.