پۆل دێڤیس توێژەری ئەمەریكی پێی وایە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەیامی راشكاوانە بە تاران دەدات و دەیەوێ عێراق لە هەژموونی ئێران دوور بخاتەوە، لە بەرانبەردا لە ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی نزیكتر ببێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، ماڵپەڕی
شەفەق نیوز بۆچوونەكانی پۆل دێڤیسی لەبارەی حكوومەتی عەلی زەیدی بڵاو كردووەتەوە، پۆل توێژەرێكی بەناوبانگی ئەمەریكییە پێی وایە، حكوومەتی نوێی عێراق پەیامی سیاسیی رۆشن بە ئێران دەدات، ئەو پەیامانەیش دەریدەخەن كە سیاسەتی دەرەوەی عێراق بەرە بەرە دەگۆڕێت بەرەو كەمبوونەوەی هەژموونی ئێران و كراوەیەكی زیاتر بەڕووی ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی دەچێت.
پۆل پێی وایە چەند ئاماژەیەك بە ئاشكرا بەدی كراون، لەوانە هیچ رێوڕەسمێك لە بەغدا بۆ ناشتنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە ناچێت. توێژەرە ئەمەریكییەكە بە ئاسایی دەزانێت رێوڕەسمەكە لە نەجەف و كەربەلا بەڕێوە بچێت، بەهۆی بوونی پێوەندی مێژوویی و ئاینی لە نێوان نەجەف و كەربەلا و ئێران، بەڵام بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكە لە بەغدا مانایەكی سیاسی دەگەیەنێت و رێگەنەدانیش پێی ئەوا پەیامێكی سیاسییە بۆ ئێران.
ئاماژەیەكی تر بە بڕوای پۆل دێڤیس ئەوەیە عێراق بە ئێرانی راگەیاندووە، رێگە نادات ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران بەشداری لە رێوڕەسمەكە بكات، پۆل دەڵێ، "ئەگەر ئەمە راست بێت، ئەوا پەیامێكی زۆر بەهێزە بۆ تاران".