لە وەزارەتی بەرگریی عێراقدا بە بەهای ترلیۆنێك و 600 ملیار دینار گەندەڵی كراوە

:: PM:02:38:07/07/2026 ‌
فالح خەزعەلی پەرلەمانتاری عێراق ئاشكرای دەكات، عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراقیان لە گەندەڵی ئاگادار كردووەتەوە، كە بە بەهای ترلیۆنێك و 600 ملیار لە وەزارەتی بەرگریی عێراق كراوە.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، فالح خەزعەلی پەرلەمانتاری عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاشكرای دەكات، بە نووسراوی فەرمی عەلی زەیدیان ئاگادار كردووەتەوە لە بوونی گەندەڵییەك لە وەزارەتی بەرگریی عێراق. خەزعەلی وردەكارییەكانی گەندەڵییەكەیش ئاشكرا دەكات.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە، نزیكەی چوار ملیۆن تۆن كەلوپەلی ئاسن "سیكراب" لە وەزارەتی بەرگری فرۆشراوە. بەگوێرەی یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكی دەوڵەت ژمارە 21ی 2013، بۆ هەر تۆنێك 600 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك دانراوە، كەچی ئەو كەلوپەلە ئاسنە بە 200 هەزار دینار فرۆشراوە. 

كۆی گشتیی پارەكە ئەگەر بە یاسایی بێت، ئەوا دەكاتە دوو ترلیۆن و 400 ملیار دینار، كەچی بەو نرخەی فرۆشراوە ترلیۆنێك و 600 ملیار دینار جیاوازیی هەیە.

پەرلەمانتارەكە داوا لە زەیدی دەكات بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە بكات و پارەكە بگێڕێتەوە، لە وەبەرهێنانی وەزارەتی بەرگری بەكاری بهێنێت.
 
  



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل