فڕۆكەخانەی نەجەف لە چاوەڕوانی تەرمی خامنەییە

:: PM:06:40:07/07/2026 ‌

لە شەمووی رابردووەوە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە تاران دەستی پێ كرد، ئەمڕۆ تەرمەكە دەبرێتە شاری قوم و دوای ئەوە دەهێنرێتە پارێزگای نەجەف و ئینجا كەربەلا بۆ سەر هەردوو مەزاری ئیمام عەلی و ئیمام حوسێن، سبەی رێوڕەسمێكی فرەوانی جەماوەری بۆ ساز دەكرێت، بەر لە گەڕاندنەوەی بۆ ئێران و ناشتنی تەرمەكە لە شاری مەشهەد، ئێستە نەجەف لە چاوەڕوانی تەرمەكەیە.

بەپێی سەرچاوەكان ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی خامنەیی لە رێگەی فڕۆكەخانەی نەجەفەوە دەهێنرێتە پارێزگاكە، رێوڕەسمێكی پێشوازیی فەرمی بۆ ساز دەكرێت، ئەمڕۆ تەنیا رێوڕەسمێكی پرۆتۆكۆلی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای سیاسی و حكوومەتی ساز دەكرێت، بەیانی چوارشەم رێوڕەسمێكی فرەوانی جەماوەری لە نەجەف بۆ دێتە سازكردن، بەر لە رۆیشتنی كەژاوەكە بۆ پارێزگای كەربەلا.

دوێنێ سەعد معەن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی تەناهی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری نەجەف رای گەیاند كە تەواوی دامەزراوە تەناهییەكان لە جێبەجێكردنی پلانی تەناهی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی بەشداری دەكەن، دووپاتی كردەوە هیچ جۆرە رێگرییەك بۆ بەشداریكردنی هیچ كەسایەتییەك لە رێوڕەسمەكە نییە.

ئاماژەی كرد، درێژی رێڕەوی رێوڕەسمەكە لە شاری نەجەف شەش كیلۆمەترە و لە كەربەلاش 5.8 كیلۆمەترە، 351 كەژاوە و زیاتر لە سێ هەزار میدیاكاری عێراقی و عەرەبی و بیانی بەشداری لە رێوڕەسمەكە و رووماڵكردنی دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل