زەیدی گەیشتە نەجەف

:: PM:08:18:07/07/2026 ‌

بە مەبەستی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی فەرمیی پێشوازیكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای نەجەف، هاوكات بڕیارە مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران سەرۆكایەتیی شاندی ئێران بۆ رێوڕەسمەكە لە عێراق بكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، بە مەبەستی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران گەیشتە پارێزگای نەجەف.

هاوكات میدیاكان رایان گەیاند كە بڕیارە مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران سەرۆكایەتیی شاندی وڵاتەكەی لە رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی خامنەیی لە هەردوو پارێزگای نەجەف و كەربەلا بكات.  

بەپێی سەرچاوەكان ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی خامنەیی لە رێگەی فڕۆكەخانەی نەجەفەوە دەهێنرێتە پارێزگاكە، رێوڕەسمێكی پێشوازیی فەرمی بۆ ساز دەكرێت، ئەمڕۆ تەنیا رێوڕەسمێكی پرۆتۆكۆلی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای سیاسی و حكوومەتی ساز دەكرێت، بەیانی چوارشەم رێوڕەسمێكی فرەوانی جەماوەری لە نەجەف بۆ دێتە سازكردن، بەر لە رۆیشتنی كەژاوەكە بۆ پارێزگای كەربەلا.

دوێنێ سەعد معەن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی تەناهی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری نەجەف رای گەیاند كە تەواوی دامەزراوە تەناهییەكان لە جێبەجێكردنی پلانی تەناهی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی بەشداری دەكەن، دووپاتی كردەوە هیچ جۆرە رێگرییەك بۆ بەشداریكردنی هیچ كەسایەتییەك لە رێوڕەسمەكە نییە.

ئاماژەی كرد، درێژی رێڕەوی رێوڕەسمەكە لە شاری نەجەف شەش كیلۆمەترە و لە كەربەلاش 5.8 كیلۆمەترە، 351 كەژاوە و زیاتر لە سێ هەزار میدیاكاری عێراقی و عەرەبی و بیانی بەشداری لە رێوڕەسمەكە و رووماڵكردنی دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل