سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرای كرد، پێنج وڵاتی دنیا ئامادەیی هاوكاریكردنی عێراق و ڕادەستكردنەوەی تۆمەتبارانی دۆسیە جیاجیاكانی گەندەڵییان بە بەغدا دەربڕیوە، هاوكات پۆلیسی ئینتەرپوولیش داتابانكی زانیارییەكانی بۆ بەغدا واڵا كردووە تا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە.
ئەو سەرچاوەیە بۆ پێگەی "
شەفەق نیوز" گوتی، گرتنی ئەو گەندەڵكارانەی چوونەتە دەرەوەی وڵات، بووە بە دۆسیەیەكی نێودەوڵەتی و پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەو وڵاتانە هەیە كە گەندەڵكاران پەنایان بۆ بردوون، بۆ هێنانەوەیان بۆ عێراق ڕێوشوێنی تەناهی و دیپلۆماسی پێویستە.
زیاتر گوتی، تا ئێستە پێنج وڵات ئامادەیی تەواویان دەربڕیوە تا كۆمەكی عێراق بكەن و ئەو گەندەڵكارانەی لە وڵاتەكانیان ڕادەستی بەغدای بكەنەوە، ئەوانیش بریتین لە ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا، وڵاتێكی عەرەبی. پێنجەم وڵاتیش لای ئەو سەرچاوەیە تا ئێستە ڕوون نییە.
سەرچاوەكە باسی لە ناوەڕۆكی دواكۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش كرد كە دووپات لە پشتیوانی هەڵمەتی ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی كراوەتەوە، بەڵام میكانیزمی گرتنی گەندەڵكاران و هەڵكوتانەسەریان بە جووڵاندنی تانك و هێز بە پێویست نەزانراوە.
هاوكات سەركردەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە گرنگیان زانیوە كە فەرمانی گرتنەكان لەلایەن وەزارەتی دادی عێراقەوە دەربكرێت، نەك ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، چونكە زۆربەی وڵاتانی دنیا كاتێك داوای ئەوەیان لێ بكرێ، تۆمەتبارانی گەندەڵی ڕادەست بكەنەوە، داوا و مەرجی فەرمانی وەزارەتی دادیان هەیە و دووپاتی لێ دەكەنەوە.