ئەمەریكا: وێڕای رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكان دانوستان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت

:: AM:10:54:08/07/2026 ‌
لە كاتێكدا وێڕای بەردەوامیی دانوستانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی لە نێواندا بەردەوامە، وەك ئەوەی بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ ئەمەریكا هێرشی سەربازیی كردە سەر ئێران و كرد و ئێرانیش وەڵامی دایەوە. بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكایش دەڵێت، رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكان كاریگەریی لەسەر دانوستانەكان نابێ و بەردەوام دەبین.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی وەرگرتووە و لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە، وێڕای ئەوەی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكان بەردەوامییان هەیە، بەڵام ئەمە كاریگەریی لەسەر دانوستان ناكات، ئیدارەی ئەمەریكا پێی وا نییە ئەو رووبەڕووبووانە جێگرەوەی دانوستان بێت، بەڵكو پاڵەپەستۆیە بۆ سەر ئێران تا بە رێككەوتنی كۆتایی بگات.

ئەو لێدوانە دوای ئەوەی دێ كە بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ، ئەمەریكا هێرشێكی تری سەربازیی كردە سەر ئێران و وەك فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رای گەیاند، 80 پێگەی سەربازیی ئێرانیان كردووەتە ئامانج، هاوكات ئێرانی وەك هێزی پاسداران دەڵێن، 85 پێگەی ئەمەریكایان لە كەنداو كردووەتە ئامانجی هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانیان.

پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە "باش" ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوبات، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، تەواوی وڵاتەكەی گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە. جەنگیش تا ئێستە بەردەوامە. وێڕای ئەوەی بە ناوەندگیریی پاكستان، دانوستان دەستی پێ كردووە، بەڵام بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون.

لە ڕووی ئابووریشەوە ئەم جەنگە زیانی گەورە و كارەساتباری بۆ كڕیارانی نەوت لە دنیا دروست كردووە، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتانی كەنداو بۆ وڵاتانی تری دنیا كە ئابووری عێراقیش بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ڕووبەڕووی كەمی داهات و گرفتی گەورە بووەتەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د