لە دوێنەوە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران، كە بەر لە چەند مانگێك لە لایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە لە هێرشێكی ئاسمانی لە تاران كوژرا، لە عێراقە، شەوی رابردوو تەرمەكە لە فڕۆكەخانەی نەجەف پێشوازییەكی فەرمیی هاوبەشی عێراقی و ئێرانی لێ كرا، بەیانی ئەمڕۆ لە نەجەف و ئەم ئێوارەیەش لە كەربەلا ماڵئاوایی جەماوەری لێ كرا و دەكرێت، بڕیارە ئەمشەو تەرمەكە بەرەو ئێران بەرێ بكرێتەوە.
موسەنا تاڵقانی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پێوەندی و راگەیاندن و رێوڕەسمەكان لە فڕۆكەخانەی نەجەف ئاماژە دەكات، لە ماوەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسەكەدا فڕۆكەخانەی نەجەف پێشوازی لە دوو فڕۆكە كردووە، ئەوەی شاندی ئێران بە سەرۆكایەتیی مەسعوود پزیشكیان و ئەوەی تەرمەكەی هەڵگرتووە.
ئاماژەی كرد، دوای گەیشتنی تەرمەكە شەوی رابردوو لەناو پێشوازییەكی باڵای فەرمیی عێراقی و ئێرانیدا، بردرایە مەزاری ئیمام عەلی لە نەجەف، لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوایی و نوێژی مردووی لەسەر كرا، دوای ئەوە بردرایە شاری كەربەلا بۆ تەواوكردنی رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە هەردوو مەزاری ئیمان حوسێن و ئیمام عەباس.
تاڵقانی دووپاتی كردەوە كە بڕیارە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە تەرمی خامنەی، بهێنرێتە فڕۆكەخانەی نەجەف و ئەمشەو لە نێوان سەعاتەكانی نۆ و 11، بەرەو شاری مەشهەد بەڕێ بكرێت.