پەرلەمانتارێك: كابینەی حكوومەتی زەیدی لە كۆتای ئەم مانگە تەواو دەكرێت

:: PM:07:05:08/07/2026 ‌

كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو بە ناتەواوی لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێ درا و تا ئێستە نۆ وەزارەتی كابینەكە بەتاڵن، لەوانە چەند وەزارەتێكی گرنگ وەك ناوخۆ و بەرگری، بڕیارە زەیدی لە ناوەڕاستی ئەم مانگە سەردانی ئەمەریكا بكات، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كابینەی حكوومەتەكە لە كۆتایی مانگ تەواو دەكرێت.

مورتەزا ساعیدی پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی ئیعمار و تەنمییە ئاماژە دەكات كە پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی رەوانەكردنی ناوی كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی دەكات، هاوكات پێشبینی كرد كە تەواوكردنی كابینەكە بكەوێتە كۆتایی ئەم مانگە، واتە لە پەرلەمان دەنگ لەسەر كاندیدەكان بدرێت.

روونی كردەوە، هەندێك ناوی كاندیدی وەزارەتەكان كە پێشكەش كرابوون، تێبینیان لەسەر هەبوو و بەهۆی كێشەی سیاسییەوە نەیانتوانی متمانەی پەرلەمان بەدەست بێنن، ئێستە لێكتێگەیشتن و لێكنزیكبوونەوەی سیاسی لەبارەی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەت هەیە.

ساعیدی دووپاتی كردەوە بابەتەكە بۆ دوای سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی بۆ واشنتن دوا خراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت پەرلەمان لە كۆتایی ئەم مانگە، واتە دوای سەردانەكەی زەیدی بۆ ئەمەریكا، دەنگ لەسەر كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكان بدات، ئاشكرای كرد كە گۆڕانكاری لە هەندێك لە كاندیدانی پێشوو لە لایەن هێزە سیاسییەكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی كراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل