لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە دوای چەند مانگێك لە كوژرانی دەستی پێ كرد، ئەوەی شارەزایان بە ئاسایی نازانن سازكردنی بەشێكی رێوڕەسمەكە بوو لە عێراق، بە ئامادەبوونی تەواوی بەرپرسانی حكوومەتی و سیاسیی عێراقی، كە هەروەها سەرۆكی ئێران و سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش بەشێك بوون لە پێشوازیكارانی تەرمەكە، رۆژنامەیەك ئاماژە دەكات كە بەشداریكردنی بەرپرسانی عێراق لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی خامنەیی پەیامێكی سیاسییە.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی پێی وایە بەشداریكردنی بەرپرسانی عێراق لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی خامنەیی ئاماژە و پەیامێكی سیاسییە، لە ناوەندەكانی ئەمەریكا وەك ئاماژەیەك بۆ بەهێزیی پێوەندییەكانی بەغدا و تاران دەخوێندرێتەوە.
چەند
بەرپرسێكی ئەمەریكی بە رۆژنامەكەیان گوت، واشنتن لە نزیكەوە چاودێریی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی لە عێراق دەكات، هەندێك بەرپرسانی ئەمەریكی دیمەنی ئامادەبوونی فرەوانی بەرپرسانی عێراق و دەربڕینی خەمبارییان لە رێوڕەسمەكە بە رەنگدانەوەی بەردەوامیی لێكنزیكیی نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراق و ئێران دادەنێن، ئەوەش سەرەڕای هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق.
راپۆرتەكە دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئەو دیمەنانە لای هەندێك لە بەرپرسانی ئەمەریكا وەك لاوازیی كاریگەریی واشنتن لە گۆڕەپانی عێراقی بە بەراورد بە بەهێزیی دەسەڵاتی تاران لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، بۆیە بەشێك لە پەیامەكانی سازكردنی رێوڕەسمەكە لە عێراق بۆ ئەمەریكا بوو.