مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای پێداچوونەوەیەكی گشتی بە سیستمی سیاسی لە عێراق و هەمواركردنەوەی دەستوور بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكورتییەی لە بنیاتی دەوڵەتی عێراق هەیە، دووپاتی كردەوە كە قۆناغەكە پێویست بە دەست پێكردنی گفتوگۆیەكی نیشتمانی بە مەبەستی چاكسازی لە پرۆسەی سیاسی دوور لە پشێوی و كودەتا دەكات.
كازمی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی گوتی، عێراق زۆر پێویستیی بە پێداچوونەوەی بە سیستمە سیاسییەكەی هەیە، چونكە سیستمی پەرلەمانی سازان لە ئامرازێك بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكانەوە بووتە یەكێك لە دیارترین هۆكارەكانی، ئەوەش وا دەكات پێویست بە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیەكی بەپەلە سیستمەكە بكرێت، دووپاتی لە پێویستیی پیادەكردنی پڕۆژەیەكی نیشتمانی بۆ بەهێزكردنی ناسنامەی عێراقی دوور لە هەستی نەیاریی تایفەیی و مەزەوی كردەوە.
كازمی كە ماوەی دوو ساڵ سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بووە ئاماژەی كرد، ئەزموونی سیاسی بۆ زیاتر لە 20 ساڵ دەری خست كە بەرژەوەندیی حزبی لە سەرووی بەرژەوەندیی گشتییەوەیە، ئەو بابەتی مشتومڕی لەبارەی لێكدانەوەی دەوستەواژەی "فراكسیۆنی گەورە لە پەرلەمان"، خستە روو، بەوەی لە خولەكانی پێشووی پەرلەمان، لەژێر كاریگەریی هاوسەنگیی هێزە سیاسییەكان بووە، پاڵپشتیی خۆی بۆ پێشنیازی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پێشان دا بەوەی لێكدانەوەیەكی جێگیر بۆ دەستەواژەكە دیاری بكرێت و دەسەڵاتی دادوەری لە بینەوبەردەی سیاسی دوور بخرێتەوە.
مستەفا كازمی پاڵپشتیی خۆی بۆ هەمواركردنەوەی مادە دەستوورییە ناكۆكی لەسەرەكان دەربری و پێی وایە كاتەكە گونجاوە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆیەكی رژدی نیشتمانی، بۆ هەڵسەنگاندنەوەی دەستوور و چارەسەركردنی كێشەكانی لە 2005ەوە لە جێبەجێكردنی بەدیار كەوتوون.