زەیدی عێراقچی بێزار دەكات.. ڕێگە دەدەن ئێمەیش میلیشیا لە ئێران دروست بكەین؟

:: AM:09:14:09/07/2026 ‌
سێ سەرچاوەی عێراقی باس لە ناوەڕۆكی دیداری عەلی زەیدی لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەكەن، نایشارنەوە كە زەیدی بە زمانێكی توندەوە دژی بوونی میلیشیا چەكدارەكان لە عێراق قسەی كردووە، داوای كردووە ئێران پشتیوانی دەوڵەت و حكوومەتی عێراق بێت، نەك گرووپی چەكدار، بە عێراقچیشی ڕاگەیاندووە، ئێوە ڕێگە بە عێراق دەدەن گرووپی میلیشیا و چەكدار لە ناوخۆی ئێران دروست بكات؟

ئەو سێ سەرچاوەیە كە دوانیان نزیك لە سەرۆكی حكوومەت و یەكێكیشیان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێگەی "ئەلحوڕە" قسەیان كردووە و دەڵێن، زەیدی لە میانەی دیداری لەگەڵ عەباس عێراقچی كە 28ی حوزەیران/یۆنیۆ لە بەغدا بوو، دۆسیەی گرووپە چەكدارەكانی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كردووەتەوە و كاریگەرییەكانی چەك لە دەرەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت لەسەر سەروەری عێراق و پێوەندییەكانی دەرەوە و شكۆی حكوومەت خستووەتە ڕوو.

بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوانە، زەیدی عێراقچی بێزار كردووە بە پرسیارەكانی و گوتوویەتی، ئێوە ڕازی دەبن كە دۆسیەی تەناهی و سەربازی ئێوە لە دەستی ئێمە بێت؟ ڕازی دەبن دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆتان بكەم؟ ڕێم پێ دەدەن گرووپی چەكداری لە ناو ئێران دروست بكەم؟ عێراقچی لە وەڵامدا گوتوویەتی نەخێر، پاشان زەیدی گوتوویەتی، كەواتە بۆچی ڕێ بە خۆتان دەدەن گرووپە چەكدارەكانی عێراق لەسەر حیسابی دەوڵەت بەهێز بكەن و پشتیوانیان دەكەن؟.

عێراقچی دواجار هیچ پشتیوانییەكی ڕاستەوخۆی خواستەكەی زەیدی نەكرد و خۆی دوورخستەوە لە بەریەككەوتن لەگەڵ زەیدی و تەنیا گوتی، قسەكانت بە سەركردایەتی ئێران دەگەیەنم.

ڕاوێژكارێكی زەیدی لەوبارەیەوە بۆ ئەلحوڕە گوتی،  ئەو پرسیارانە لە چوارچێوەی سووربوونی سەرۆكی حكوومەت لەسەر پرەنسیپی سەروەری عێراق و ڕەتكردنەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی لە دۆسیەی تەناهی و سەربازی تایبەت بە عێراق دێت.

بە گوتەی سەرچاوەكان، زەیدی لە دیداری لەگەڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش، بە زمانێكی توندەوە گوتوویەتی، ئێران پێویستە پشتیوانی حكوومەت و دەوڵەتی عێراق بكات، نەك گرووپە چەكدارەكان لەسەر حیسابی دەسەڵاتی حكوومەت و دەوڵەت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د