زه‌یدی له‌ واشنتن سندووقی نه‌وت به‌رانبه‌ر گه‌شه‌پێدان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا داده‌مه‌زرێنێت

:: AM:10:12:09/07/2026 ‌
پڕۆژەی دروستكردنی سندووقێكی هاوبەش لە نێوان ئەمەریكا و عێراق لەسەر بنەمای نەوت بەرانبەر بە پڕۆژە و گەشەپێدان لە عێراق، ئامانجێكی سەرەكی سەردانەكەی زیدەی بۆ واشنتن دەبێت، بۆ فراوانكردنی هاریكاری ئابووری و گۆڕینی بەشێك لە داهاتەكانی نەوت بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان و ستراتیجی لە عێراقدا.

موزهیر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری ئابووری عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، بە "مەدا"ی ڕاگەیاند، هاریكاری سەرەتایی لە نێوان بەغدا و واشنتن لەبارەی چالاككردنی ئەو سندووقە دروست بووە، چاوەڕوان دەكرێ لە كاتی سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن، وردەكاریی كۆتایی لەسەر ئەو پڕۆژەیە بڕیاری لەسەر بدرێت، لە تەك ئەوەیشدا دیدار لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە بواری كارگێڕی و ئابووری و سیاسی لە ئەمەریكا ئەنجام دەدرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، قۆناغی داهاتووی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا، گۆڕانێكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، سروشتی پێوەندییەكان لە بواری تەناهی و سیاسییەوە بۆ هاریكاری فراوانی ئابووری دەگۆڕێت، لە ڕێگەی دانانی بەشێك لە داهاتی نەوت لەو سندووقە هاوبەشەی لە نێوان ئەمەریكا و عێراق دروست دەكرێ، بۆ پارەداركردنی پڕۆژە گەورە و زەبەلاحەكان لە كەرتی كارەبا و ژێرخان و تەكنەلۆجیا.

پێشتر عەلی زەیدی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، سندووقی هاوبەشی ئەمەریكا و عێراق داهاتی ڕۆژانەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی دەخرێتە ناو و دەتوانرێ تا داهاتی ڕۆژانەی ملیۆنێك بەرمیل نەوت زیاد بكرێت، لەوكاتەی دۆخی ئابووری باش و جێگیر بێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی حكوومەت لە ماوەی 30 ساڵدا، دەتوانرێ داهاتی 400 ملیار دۆلار بخرێتە ناو ئەو سندووقەوە و پڕۆژەی ستراتیجی پێ ئەنجام بدرێت.

ساڵح ئەوەیشی گوت، گرنگیی ئەو سندووقە لەوەدایە كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بە یاسای بودجەی ساڵانەی حكوومەتی فیدراڵ پێوەست نییە، تەنیا دەچێتە ژێر بواری چاودێری یاسایی لە واژووكردنی گرێبەستەكان و جێبەجێكردنیان، ئەمەیش نەرمییەكی زۆرباشی پێ دەدات، بۆ پارەداركردنی پڕۆژەكان دوور لە چاوەڕوانی دەرچوونی یاسای بودجە لە پەرلەمان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د