ڕۆژنامەیەك: میلیشیاكان چەكە تێكشكاوەكانیان داوەتەوە و مووشەكی بالیستیكیان حەشار داوە

:: AM:10:26:09/07/2026 ‌
ڕۆژنامەیەكی عێراقی لە ڕاپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، چەكی پێشكەوتوو و بێ كێشەی میلیشیاكان بووەتە بەربەستێكی گەورە لە بەردەم پرۆسەی چەكداماڵینی میلیشیاكان، ئەو گرووپانەی چەكیان داناوە، چەكە تێكشكاوەكانیان ڕادەستی حكوومەت كردووە، بەڵام سەتان درۆن و دەیان مووشەكی بالیستیكی ئێرانی لە دەستی میلیشیاكان حەشار دراون و ئامادە نین ڕادەستی بكەن.

سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ڕۆژنامەی "مەدا"ی ڕاگەیاندووە، دۆسیەی هەشت مووشەكی بالیستیكی ئێرانی بووە بە گرێكوێرەیەكی سیاسی لە دۆسیەی چەكداماڵینی میلیشیاكان، جیا لە سەتان درۆنی تر كە لەلایەن ئێرانەوە گەیەنراونەتە دەستی میلیشیاكان.

بە قسەی سەرچاوەكە، میلیشیاكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە سەرجەم چەكەكانی خۆیان ڕادەست كردووە، بەڵام واشنتن ئەو چەكانەی ڕادەست كراون بە تێكشكاو و بێسوود ناویان دەبات، نایشارێتەوە كە مووشەك و درۆنەكان و چەكی قورس تا ئێستە لە دەستی میلیشیاكاندا ماون، لە بەرانبەردا میلیشیاكان ئاماژە بەوە دەكەن، مادام واشنتن شوێنی مووشەك و درۆنەكان دەزانێت، با ئاشكرایان بكات و حكوومەت دەستیان بەسەردا بگرێت.

پێشتر كۆماری ئیسلامیی ئێران چەندان مووشەكی بالیستیكی بۆ عێراق گواستەوە و ڕادەستی گرووپە میلیشیاكانی سەربە خۆی كرد، ئێستەیش تاران بە هەموو شێوەیەك و لە ژێر هەر دۆخ و بارێكدا ڕەتی دەكاتەوە ئەو مووشەكانە ڕادەست بكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان، تا ئێستە میلیشیاكان هەشت مووشەكی بالیستیك و سەتان درۆنی ئێرانیان لا ماوە و ڕادەستی حكوومەتی عێراقیان نەكردووە و ئامادەیش نین زانیاری لەسەر شوێنەكەی ئاشكرا بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د