وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە توندی وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە

:: AM:11:15:09/07/2026 ‌
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا ڕای گەیاند، ئیسرائیل بەگوێرەی رێككەوتنی واشنتن لە لبنان دەكشێتەوە، یسرائیل كاتسی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بە توندی وەڵامی ترەمپی دایەوە و گوتی، مۆڵەتمان لە هیچ كەس وەرنەگرتووە تا بچینە ناو خاكی لبنان و مۆڵەتیش لە هیچ كەس وەرناگرین تا لە ناو خاكی لبنان بمێنینەوە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل یسرائیل كاتس گوتی، ماف و ئەركی خۆمانە خەڵكی جەلیل و هاووڵاتییانی ئیسرائیل لە هەڕەشەكانی گرووپی تیرۆریستی حزبوڵا بپارێزن كە دەیانەوێ دەوڵەتی ئیسرائیل وێران بكەن.

زیاتر گوتی، وەك من و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیران ڕوونمان كردەوە، بەردەوام دەبین لە مانەوە لە ناوچەیەكی تەناهی لە لبنان و لە ناوخۆی لبنان، بەوجۆرە كار دەكەین كە پێویستمانە و حزبوڵا لە چەك لە تەواوی لبنان دادەماڵین و لە ڕیشەوە هەڕەشەی سەر خەڵكی ناوچەكانی باكوری ئیسرائیل كۆتایی پێ دەهێنین.

دوێنێ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ لە ئەنكەرە گوتی، ئیسرائیل هێزەكانی لە لبنان دەكشێنێتەوە و لە میانەی گفتوگۆم لەگەڵ نەتەنیاهۆ دووپاتمان لەوە كردووەتەوە. 

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەوان دەبێ لە لبنان بكشێنەوە، چونكە ڕێككەوتن لە نێوان ئیسرائیل و لبنان هەیە و بەگوێرەی ڕێككەوتنەكەیش هێزەكانی ئیسرائیل دەبێ لە خاكی لبنان پاشەكشە بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د