عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق دووپاتی كردەوە، حكوومەتەكەی هەوڵی كۆتاهێنان و چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "عەرەبیە" عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق گوتی، لە هاریكاریكردن لەگەڵ دیمەشق بەرەوپێشەوە هەنگاو دەنێین، سووریا وڵاتێكی دراوسێی گرنگە و زۆر گرنگە هاریكاری ئابووری لە نێوانمان هەبێ و سەردانی دیمەشقیش دەكەم.
لەبارەی گرژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی چالاكی گرووپەكان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی كەنداو لە عێراق، زەیدی گوتی، هیچ ئاماژەیەك نییە بیسەلمێنێت كە لە عێراقەوە هێرش كراوەتە سەر سعوودیە و ئیمارات، حكوومەتی ئێستەی عێراق لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكات.
دۆسیەی نەوت و مانەوەی عێراق لە ڕێكخراوی ئۆپێك پرسێكی تر بوو كە زەیدی قسەی لەسەر كردووە و دەڵێ، لە ڕێكخراوی ئۆپێك ناكشێینەوە، بەڵام پێویستە بەغدا پشكێكی دادپەروەرانەی لە هەناردەكردنی نەوت پێ بدرێت.
كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان باسێكی تری گفتوگۆكانی زەیدی و كەناڵی عەرەبیە بوو، سەرۆكی حكوومەتی عێراق دووپاتی كردەوە، باوەڕمان بەوە نییە كێشەكان دوا بخەین و دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان یەكلا دەكەینەوە و كۆتاییان پێ دەهێنین.