هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران، ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز دەستیان پێ كردەوە و سوپای پاسداران بە مووشەك هێرشی كردە سەر چەند كەشتییەك، لە وەڵامدا سوپای ئەمەریكا دەستی بە بۆردمانكردنی دەیان ئامانجی ئێران كرد، سوپاكە دووپاتی كردەوە كە لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 170 ئامانجی ئێرانیان بۆردمان كردووە.
رۆژنامەی
"نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكای گواستەوە كە لە دوو رۆژی رابردوو سوپای ئەمەریكا زیاتر لە 170 ئامانجی سەربازی لە ناو خاكی ئێران بۆردمان كردووە، لە پەرەسەندنێك وەك سوپاكە گوتی، مەبەست لێی لاوازكردنی تواناكانی تارانە بۆ هەڕەشەكردن لە هاتوچۆی دەریایی.
بەپێی فەرماندەییەكە، هێرشەكان چەند پێگەیەكی سەربازییان بە درێژایی لێواراوەكانی ئێران لە نزیك گەرووی هورمز گرتەوە، لەوانە سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانی و دامەزراوە لۆجیستییەكان و شوێنەكانی ئەمباركردنی مووشەك و درۆنەكان و بەلەمە سەربازییە خێراكان.
بەپێی سێنتكۆم، مەبەست لەو هێرشانەی دوایی سوپای ئەمەریكا لاوازكردنی توانای ئێرانە بۆ هێرشكردنە سەر كەشتییە بازرگانی و نەونتبەرەكان كە بە گەرووی هورمزدا هاتوچۆ دەكەن، كە یەكێكە لە گرنگترین رێڕەوە ئاویەكان بۆ بارزگانی نەوت و وزە لە دنیادا.