لە كۆتایی مانگی ئایاری رابردوو هەڵمەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە عێراق بە راگەیاندنی دەستبەرداربوونی ژمارەیەك میلیشیا لە باڵە سەربازییەكانیان دەستی پێ كرد، هاوكات حكوومەتی عێراق تا كۆتایی مانگی ئەیلوولی بۆ داماڵینی چەكی تەواوی میلیشیاكانی عێراق دیاری كردووە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان ئەمەریكا بەوەی كراوە رازی نییە و بە عێراقی راگەیاندوە كە ئەو رێوشوێنانەی تا ئێستە وەرگیراون، هەنگاوێكی راستەقینە نییە بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان.
بەرپرسێكی تەناهیی عێراقی ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا لە ماوەی دوایی بە حكوومەتی عێراقی راگەیاندووە كە تێبینی لەسەر میكانیزمی داماڵینی چەكی میلیشیاكان هەیە و رێوشوێنەكانی تا ئێستە بۆ ئەو مەبەستە وەرگیراون، چارەسەرێكی راستەقینە نییە بۆ نەهێشتنی میلیشیاكان، بۆیە واشنتن پەیامێكی روونی گەیاندووەتە بەغدا بەوەی تا ئێستە دۆسیەی داماڵینی چەك پێویستی بە رێوشوێنی یەكخستنی كردەنیی ئەوان و دووبارە دابەشكردنەوەی ئەندامانیان بەسەر هێزە فەرمییە جۆراوجۆرەكانەوە هەیە، بە نەهێشتنەوەیان لە چوارچێوەی لیواكانی پێشوویان، چونكە بەو شێوەی ئێستە رێكخستنەكانیان هەر دەمێنێت ئەگەر ناویشیان گۆڕابێت.
بەپێی سەرچاوەكە ئەمەریكا چەند پێشنیازێكی بە حكوومەتی عێراق داوە و ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتیی تەكنیكی و راوێژكاری لە بەرنامەی یەكخستنەوە و داڕشتنەوەی پەیكەری هێزە چەكدارەكانی پێشكەش كردووە، ئەوەش بە مەبەستی بنیاتنانی دامەزراوەیەكی یەكگرتووی سەربازی كە بەپێی ئینتیمای فەرماندەیی پێشوو كار نەكەن، بۆیە گفتوگۆكانی بەغدا و واشنتن تەنیا سەرنجی نەخۆستووەتە سەر رادەستكردنی چەك، بەڵكو گرنگی بە داهاتووی پێكهاتە و دامەزراوە سەربازییەكان و میكانیزمی یەكخستنیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەكان دەدات، ئەوەش لە رێگەی تواندنەوەی بنیات و پێكهاتەی میلیشیاكان نەك تەنیا گۆڕینی بوونە یاساییەكەیان.