وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە فەرمی ددانی بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیاندا نا

:: PM:08:43:09/07/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووزی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیاندا هاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بە فەرمی ددانی بە زانکۆکە و سەرجەم کۆلێج و پەیمانگەکانی ناویدا ناوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە بڕیارێکی فەرمیدا، زانکۆکە دەخرێتە ناو ڕێبەری وەرگرتنی ناوەندیی بۆ ساڵی خوێندنی (2026 - 2027).

ئەو پێکهاتانەی زانکۆکە کە ددانپێدانانیان بۆ دەرچووە بریتین لە سێ کۆلێج و دوو پەیمانگە، ئەوانیش: کۆلێجی تەکنیکی کەلار بە بەشەکانی (تەکنیکی پەرستاری، ئەندازیاری کارەبا و کۆمپیوتەر، تەکنیکی شیکاری نەخۆشییەکان). کۆلێجی تەکنیکی کفری بە بەشەکانی (تەکنیکی کارگێڕی کار، تەکنیکی چارەسەری خۆراکی، تەکنیکی تەکنەلۆجیای زانیاری). هەروەها کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی-ڕزگاری بە بەشەکانی (تەکنیکی ژمێریاری، تەکنیکی میدیا).

هاوکات دانپێدانانەکە ئەم پەیمانگەیانەش دەگرێتەوە: پەیمانگەی تەکنیکی کەلار بە بەشەکانی (تەکنیکی پەرستاری، تەکنیکی ڤێتێرنەری، تەکنیکی ڕووپێوی، تەکنیکی تەکنەلۆجیای زانیاری، تەکنیکی ژمێریاری، تەکنیکی کارەبا، تەکنیکی کارگێڕی کار، تەکنیکی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، تەکنیکی دیزاینی ناوەوە)، لەگەڵ پەیمانگەی تەکنیکی کفری بە بەشەکانی (تەکنیکی تاقیگەی پزیشکی، تەکنیکی ژمێریاری).


وشە - پۆڵا مەحموود