محەمەد باقر زولقەدر ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووزی 2026، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ژێرخانی وڵاتەکەی ببێتە ئامانجی هەر هێرشێکی نوێ، ئەوا ئیسرائیل لە پارێزراویدا نابێت.
زولقەدر لە لێدوانێکدا کە میدیاکانی ئێران گواستوویانەتەوە ڕای گەیاندووە، هەر هێرشێک بکرێتە سەریان بە وەڵامێک ڕووبەڕووی دەبنەوە کە ئیسرائیل بەدەر ناکات، ئەو قەوارەیەی لە پشت کارە دوژمنکارییەکانەوەیە، لە وەڵامەکانی ئێران پارێزراو نابێت.
هەروەها دووپاتی کردەوە، پێشتر ڕامان گەیاندووە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر ژێرخانمان، بە هێرشی هاوشێوە وەڵام دەدرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەریان هەڵداوەتەوە، دوای ئەوەی شەوی سێشەم لەسەر چوارشەم ئەمەریکا چەند هێرشێکی ئاسمانیی کرد، لە وەڵامدا ئێران چەند ئامانجێکی لە بەحرێن و کوێت بۆردمان کرد، پاشان واشنتن لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەڕایەوە و چەند پێگەیەکی جیاوازی لە ناو ئێران کردە ئامانج.