میلیشیاكان هۆشداری بە حكوومەتی زەیدی دەدەن: دەبێ‌ گوێڕایەڵی ئێمە بن

:: PM:10:40:10/07/2026 ‌
ئەبوحوسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتی میلیشیای كەتائیبی حزبوڵای عێراقی هۆشداری بە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق دەدات، لەوەی "لە مقاومە" لانەدەن و گوێڕایەڵی بن.

ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووز حەمیداوی راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و باس لەوە دەكات میلیشیاكەی "كەتائیبی حزبوڵا" لەسەر دەستی رابەری كۆچكردووی ئێران عەلی خامنەیی دانراوە و بە بڕیاری ئەو بووە، بۆیە پیاوانی میلیشیاكە تا ئێستە لەسەر هەمان ئاراستە دەڕۆن.

ئەمینداری گشتی حزبوڵا كە ناوی لیستی تیرۆری ئەمەریكیدایە، مەراسیمی ناشتنی خامنەیی لە عێراق بە بەڵگەیەك دەزانێت بۆ ئەوەی كە خەڵكە لەگەڵ "مقاومەیە" بۆیە داوا لە حكوومەت دەكات تەواو گوێڕایەڵ بن و لێی لانەدەن.

لە راگەیەنراوەكە دەڵێ‌، "سەرنجی سەركردە سیاسییەكان و بەرپرسانی حكوومەت بۆ ئەوە رادەكێشین لە ئاراستەكە لانەدەن، ئەگینا پەشیمانی دادیان نادات".

یەكێك لە بڕگەكانی كارنامەی حكوومەتی زەیدی چەكدانانی میلیشیاكانە، تا ئێستە چەند میلیشیایەك ئامادەییان نیشان داوە چەك دابنێن، بەڵام كەتائیبی حزبوڵا و نوجەبا و سەید شوهەدا ئامادە نیین ئەو هەنگاوە بنێن.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل