ئەمەریكا پەیامێك بە حكوومەتی عێراق دەدات

:: PM:11:00:10/07/2026 ‌
جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق جارێكی تر پەیام بە حكوومەتی عێراق دەدات لەوەی نابێت میلیشیاكان لە حكوومەت بەشدار بن و دەشڵێ‌، "ئەمە دژی هیوای عێراق و هاوپەیمانێتی ئەمەریكایە".

ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووز جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا دەڵێ‌، "حكوومەتی عێراق درك بەوە دەكات زۆر پێویستی بە سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت هەیە".

هاریس ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە چەند مانگی رابردوودا میلیشیاكان بە پێچەوانەی خواستی عێراقییەكان توندوتیژییان ئەنجام داوە، بۆیە نابێت ئەو میلیشیایانە بەشداری حكوومەت بكەن كە نایانەوێ‌ چەك دابنێن، دەشڵێ‌، "بەشداربوونی ئەوان دژە لەگەڵ هیوای عێراقییەكان".

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریكا، جۆشوا هاریس دووپاتی دەكاتەوە بەشداربوونی ئەو میلیشیایانەی ناویان لە لیستی تیرۆری ئەمەریكایە لە حكوومەتی عێراق پێچەوانەی ئەو رێككەوتنەیە كە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل