ساڵێك بەسەر سووتاندنی چەك لەلایەن پەكەكەوە لە ئەشكەوتی جاسەنەی سلێمانی تێدەپەڕێت، پارتی كرێكاران جگە لە سووتاندنی چەك و راوەستانی شەڕ، هاوكات هێزەكانیشی لە ناو خاكی باكوری كوردستان كێشایەوە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن، دەوڵەت نە هەنگاوی نا و نە بۆ چارەسەری سیاسیی دیموكراتیك زەوینەی كۆمەڵایەتی ڕەخساند.
لە ١١ـی تەمووزی ساڵی ڕابردوو 2025دا، لە رێوڕەسمێكی سیمبولیدا كە لە ئەشكەوتی جاسەنە لە سنووری سلێمانی بەڕێوەچوو، ٣٠ گەریلای پەكەكە كە ١٥یان ژن بوون، بەسەرۆكایەتیی بەسێ هۆزات هاوسەرۆكی گشتیی كەجەكە، چەكەكانیان سووتاندن و ئەو هەنگاوەیان بە نیشانەی نیازپاكی و پابەندبوون بە پرۆسەی ئاشتی پێشان دا.
پێش ئەوەش عەبدوڵا ئۆجەلان بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك"ی راگەیاند، هۆكارەكانی سەرهەڵدانی پرسی كورد و ڕێبازەكانی چارەسەركردنی لەو بانگەوازەدا دیاری كرد.
كەجەكە لە ساڵوەگەڕی ئەو رێوڕەسمەدا رای گەیاندووە، دوای ئەم بانگەوازە، لە یەكـی ئاداری ٢٠٢٥دا ئێمە ئاگربەستمان ڕاگەیاند. پەكەكە لە نێوان پێنج بۆ حەوتی ئایاردا كۆنگرەی ١٢یەمی خۆی بەست و بڕیاری دا كۆتایی بەو كار و چالاكییانە بهێنرێت كە لە ژێر ناوی پەكەكەدا دەكران، تێكۆشانی چەكداری لە دژی توركیا كۆتایی پێ بهێنرێت.
كەجەكە دەڵێت، رێوڕەسمی سووتاندنی چەكەكان بووە ڕاگەیاندنی ئەوەی كە گەڕانەوە بۆ ستراتیجیی تێكۆشانی چەكداری ڕوو نادات. لە بەرانبەر دەستنیشانكردنی ئەم ئیرادەیەدا، دەبوو دەوڵەتی تورك لە ڕووی جێبەجێكردنی ستراتیجی تێكۆشانی سیاسیی دیموكراتیك هەنگاوی یاسایی و سیاسی بنایە، بەڵام ساڵێكە هەنگاوی لەم شێوەیە نەنراوە.
لەلای ئێمە جێبەجێكردنی پێویستییە یاسایی و سیاسییەكان هەنگاوی تاكلایەنەی ناوە. گەریلاكان كشاونەتەوە بۆ دەرەوەی سنووری توركیا، ئەو شوێنانەیان بەجێهێشتووە كە مەترسیی شەڕیان تێدا هەبووە. ئەمە بۆ ئەوە كرا كە زەوینە بۆ دەوڵەتی تورك بڕەخسێنرێت تا هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت، بەڵام دەوڵەت نە هەنگاوی نا، نە بۆ چارەسەری سیاسیی دیموكراتیك زەوینەی كۆمەڵایەتی ڕەخساند.