ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێكی لە ڕێگەی وڵاتانی ناوەندگیرەوە ئاراستەی واشنتن كردووە، تێیدا دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە هێرشكردنە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز هەڵە بوو، دووپاتی لە خواستی تاران بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەكان كردووەتەوە.
ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستوویەتییەوە كە دواجار ئێران پەیامێكی بۆ ئەمەریكا ناردووە و دووپاتی لەوە كردووەتەوە، بە ئامانجگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان بە ئەنقەست نەبووە و بگرە هەڵەیەك بووە و ڕووی داوە، بۆیە داوای كردووە بەردەوامی بە دانوستانەكانی نێوان هەردوو وڵات بدرێت.
لەلایەكی ترەوە بەرپرسێكی باڵا لە حكوومەتی ترەمپ بۆ ڕۆژنامەكە دووپاتی لەوە كردووەتەوە، كە دەرفەتی گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی بووەتە ئەگەرێكی كەم، هۆشداریشی بە تاران دا هەر هەوڵێك بۆ ڕێگری لە جووڵەی كەشتییەكان لە هورمز سزای مەترسیدار و گەورەی لێ دەكەوێتەوە.
زیاتر گوتی، واشنتن داوای لە ئێران كردووە بەیاننامەی فەرمی ڕابگەیەنێت، دووپات لەوە بكاتەوە گەرووی هورمز بەڕووی كەشتیوانی نێودەوڵەتی كراوەیە و چیتر كەشتییەكان بە ئامانج ناگرێت، بێ ئەوەی هیچ وادەیەكیش لەوبارەیەوە ئاماژەی بۆ بكرێت.