توركیا سیستمی ڕادار و مووشەك لە دیمەشق دادەنێت و ئیسرائیل هۆشداریی دەدات

:: PM:01:11:11/07/2026 ‌
توركیا سیستمی ڕادار و مووشەكی پێشكەوتووی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق جێگیر دەكات، ئەوەش ئیسرائیلی تووڕە كردووە و نەتەنیاهۆش هۆشداریی دەدات.

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت پشتبەستوو بە سەرچاوە سەربازییەكانی ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، سوپای  توركیا لە ناوخۆی سووریا خاوەنی فەوج و تیپی سەربازییە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست دەكات بە جێگیركردنی سیستمی ڕادار و مووشەكی پێشكەوتوو لە فڕۆكەخانەی دیمەشق.

هاوكات بەرپرسانی تەلئەبیب هۆشداریی دەدەن كە تا ئێستە ئاسمانی سووریا بەبێ سیستمی بەرگریی جووڵاو مابووەوە، وەك ڕێڕەوێك بوو بۆ فڕۆكەكانی ئیسرائیل بەرەو ئێران، بەڵام جێگیركردنی ئەو سیستمە توركییە، ئەو ڕێڕەوە دادەخات و توانای هێرشی كتوپڕی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پەكدەخات.

لەمبارەیەوە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێكدا ئاماژەی بەتێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و توركیا كرد و ڕای گەیاند: پاراستنی "باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل” بنەمایەكی سەرەكییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیانەی لە ناوچەكەدا درووست دەبن.

شارەزایانی ستراتیجی و ناوەندە تەناهییەكانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوەتە نەتەنیاهۆ لە مەترسیی بە دوژمنكردنی توركیا، لەوبارەیەشەوە عامۆس هاریئێل شیكەرەوەی سەربازیی ڕۆژنامەی "هارتس" ڕای گەیاند، توندكردنی زمان بەرانبەر توركیا پێویست نییە و زێدەڕۆیی تێدایە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی هەڵبژاردنەكان بەكار دێت.

هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە كردووە، ئیسرائیل نیگەرانە لەو هەنگاوەی توركیا و لەوبارەیەوە نەتەنیاهۆ ترەمپی لەو هەنگاوە مەترسیدارە ئاگادار كردووەتەوە كە لەلای وڵاتەكەی قبووڵكراو نییە.

ئیلی كۆهین وەزیری وزەی ئیسرائیل لەمبارەیەوە گوتی، پێویستە دڵنیا بین لەوەی توركیا نەتوانێ ئامادەیی سەربازیی هەمیشەیی لە سووریا هەبێت، ئەگەر توركیا بیەوێت بنكەی سەربازی لە سووریا دابمەزرێنێت، ئێمەش لەوێ بنكە دادەمەزرێنین. تا توركیا لە سووریا بێت ئێمەش ناكشێینەوە.



وشە - سۆران عەزیز