ترەمپ: هەزار مووشەک ئامادەن بۆ لێدانی ئێران ئەگەر هەوڵی کوشتنم بدات

:: PM:08:08:11/07/2026 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ شەموو 11ی تەمووزی 2026، ڕای گەیاند کە هەزار مووشەک ئامادەن بۆ ئاراستەکردن بەرەو ئێران لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەر هەوڵێک بۆ کوشتنی. هاوکات دووپاتی کردەوە کە سوپای ئەمەریکا توانای هەیە لە ماوەی یەک ساڵدا بەتەواوی خاکی ئێران وێران بکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، مووشەکەکان ئامادەن و ئاراستەی ئێران کراون، ئەگەر حكوومەتی ئەو وڵاتە هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی، ئەوا دەستبەجێ هەزاران مووشەکی تریان بەدوادا دەچێت. هەروەها گوتی،  هەزار مووشەک ئامادەی هەڵدانن بەرەو ئێران ئەگەر ئەو وڵاتە هەڕەشەی کوشتنم جێبەجێ بکات یان دەست بەو کارە بکات.

ترەمپ ئەوەشی دووپات کردەوە کە پێشتر فەرمانەکان دەرچوون، سوپای ئەمەریکا ئامادەیە و دەتوانێت لە ماوەی یەک ساڵدا، کە قابیلی درێژکردنەوەیە، سەرجەم ناوچەکانی ئێران بەتەواوی وێران بکات.

لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە ڕاپۆرتێکی تۆڕی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکیدا هاتووە، سەرەڕای پەرەسەندنی هەڕەشەکان، هیچ پلانێکی نزیکی ئێران بۆ کوشتنی ترەمپ بوونی نییە، و هۆشدارییەکەی ئیسرائیل تەنیا پشت بە خەمڵاندنەکانی تایبەت بە ئارەزووی سەرکردەکانی تاران دەبەستێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو زانیارییانەی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمەریکا هاوبەشی پێ کردووە لەبارەی هەڕەشە پێشبینیکراوەکانی ئێران بۆ سەر سەرۆکی ئەمەریکا، تەنیا ئارەزووی چەند ناوەندێکی توندڕەوی ناو تاران بۆ بەئامانجگرتنی دەردەخەن، بەبێ بوونی هیچ پلانێکی کرداریی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی.

خەمڵاندنەکانی ناو هەواڵگریی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات لە ڕێگەی چڕکردنەوەی پێدانی زانیارییەکانەوە، کاریگەری بخاتە سەر ئاراستەی ئیدارەی ئەمەریکا، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک ناوەندی هەواڵگریدا تێبینی لەسەر پاڵنەری ئەو ڕاپۆرتانە هەیە.

پێشتر ترەمپ ڕای گەیاندبوو کە ئێران داوای بەردەوامبوونی گفتوگۆکانـی کردووە و واشنتنیش ڕەزامەندیی دەربڕیوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بۆ تارانی ڕوون کردووەتەوە کە ماوەی ئاگربەست کۆتایی هاتووە.

جێی باسە، ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر لێکدانەوە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی، بەتایبەتی سەبارەت بە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بە لاوازی مایەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود