لە دوای پێدانی متمانە بە حكوومەتەكەی عەلی زەیدی لە پەرلەمانی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی نیشتمانیی شیعە پاڵپشتیی لە دوو هەڵمەتەكەی زیدی كرد، داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئەو دوو هەڵمەتە سەدر و زەیدی كۆ كردووەتەوە.
عەلا خەتیب شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات، پێوەندییەكانی موقتەدا سەدر و عەلی زەیدی لە پێش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەستی پێ كردووە، لێكگەیشتنی هەردوولا لەسەر بنەمای پابەندی حكوومەت بە نەهێشتن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت بنیات نراوە، ئەو دوو دۆسیەی لای سەدر گرنگیی لەپێشینەیان هەیە.
زیاتر گوتی، ئەو پاڵپشتییەی سەدر بۆ حكوومەتی عێراق پێوەندی بە ئاستی بەردەوامبوونی لە جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی هەیە، ئەو هەنگاوانەی دوایی حكوومەت متمانەی نێوان هەردوولای زیاتر كردووە و پاڵپشتییەكی بەهێزی جەماوەری بۆ بەردەوامبوون لە هەڵمەتەكانی دابین كردووە.
شایەنی باسە لە ماوەی دوایی حكوومەتی زەیدی دەستی بۆ دۆسیەی هەستیار برد، چەكی میلیشیاكان و گرتنی دەستی گەندەڵكاران، كە هەردووكیان دوو دۆسیەی تێكهەڵكێشن و هۆكارێكی سەرەكین بۆ لاوازكردنی حكوومەت و دەوڵەتی عێراق لە هەموو بوارەكاندا، بەتایبەتی ئابووری و تەناهی، هاوكات هۆكارێكن بۆ ئاسایینەبوونەوەی پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دنیا.