هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنەوەی سنوورداری هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەكانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز بۆ رێگرتن لە هێرشەكانی ئێران بۆسەر كەشتییەكانی بە گەرووەكەدا تێپەڕ دەبن، ئێران دەستی كردووە بە كردنەئامانجی وڵاتانی ناوچەكە لەوانە كوێت، كە ئێوارەی ئەمڕۆ هێرش كرایە سەر چەند ئامانجێكی.
وەزارەتی بەرگریی كوێت رای گەیاند كە هێرش كراوەتە سەر سێ ئامانج لەسەر خاكەكەی، جیا لە كردنەئامانجی سەكۆیەكی هەڵكۆڵین سەر بە كۆمپانیای نەوتی كوێت بە درۆن و بەو هۆیەوە كرێكارێك بریندار بووە، وەك لە بەیاننامەیەكی وەزارەتەكەدا هاتووە.
لای خۆیەوە دەسەڵاتدارانی ئێران رایان گەیاند كە لە هێرشەكانی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ سەر حاجی ئاباد و دوورگەی قشم لە پارێزگای هورمزگان، بەرپرسێكی كەرتی پێوەندیكردن و دوو كەسی تر كوژراون.
ئەمڕۆ یەكشەم ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"، لە بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستەوە، بەر لە چەند سەعاتێك سوپای ئەمەریكا لە دوو ناوچەی دەوروبەری گەرووی هورمز، زنجیرە هێرشێكی كردە سەر سیستمی مووشەكی و بەرگریی ئاسمانی و بەلەمە خێراكانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەوە لەوكاتەی تەلەڤزیۆنی ئێران رای گەیاند كە دەنگی زنجیرەیەك تەقینەوە لە بەندەر عەباس و دوورگەی قشم لە باشووری ئێران بیستراوە.