راوێژكاری پێشتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رای دەگەیەنێت، هیچ بژاردەیەك جگە لە گۆڕینی رژێمی ئێران، گەرەنتیی ئەوە ناكات كە ئەو وڵاتە هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەدات. دەشڵێت، راگرتنی پرۆسەی پڕچەككردنی كورد لەسەر داوای ئەردۆغان هەڵە بوو، ئەردۆغان دۆستی ئەمەیكا نییە، كورد دۆستی راستەقینەی ئەمەریكان.
جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری پێشتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە چاوپێكەتنێكدا لەگەڵ نیوزنەیشن گوتی، "پێم وانییە هیچ بژاردەیەك جگە لە گۆڕینی ڕژێم لە تاران هەبێت گەرەنتی ئەوە بكات كە حكوومەتی دواتر هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەدات."
باسی لەوەش كردووە، "47 ساڵە ئەم ڕژێمە ڕێك لە دوای شۆڕشەوە، پێداگر بووە لەسەر بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی. هیچ بەڵگەیەك لە ئارادا نییە كە پێشانی بدات ئەوان لەوە پاشگەز بوونەتەوە.
دووپاتیشی كردووەتەوە، "بۆیە پێم وایە گۆڕینی ڕژێمەكە كارێكی یەكلاكەرەوە و گرنگە. ئەمەش نەك تەنیا بۆ كۆتاهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمی، بەڵكو بۆ كۆتاهێنان بە پێگەی ئێران وەك گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانیكەری تیرۆر لە دنیادا - حەماس، حزبوڵا، حووسییەكان، میلیشیا شیعەكانی عێراق، ڕاستییەكەی تیرۆر لە تەواوی دنیادا."
باسی لەوەش كردووە كە گۆڕینی ریژێمەكە سوودی زۆری بۆ ناوخۆی وڵاتەكەش دەبێت، چونكە ئیتر كەس لە سێدارە نادرێت و ئێرانییەكانیش وەك گەلانی تر ئازاد دەبن.
ئاماژەی بەوەش داوە، پێش دەستپێكردنی شەڕەكە، هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی كورد باشتر پڕچەك بكرێت، چەك بەسەر لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆی ئێراندا دابەش بكرێت. زانیارییەكانی من دەڵێن كە ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كە بە بڕوای من دۆستی ئێمە نییە، پێوەندی بە ترەمپەوە كردووە و پێی گوتووە: "كورد پڕچەك مەكە"، ئەمەش بەهۆی كێشە و دوژمنایەتییەكەی خۆی لەگەڵ كورد لە ناوخۆی توركیادا.
بۆڵتن دەڵێت، پێم وایە ڕاگرتنی ئەو پرۆسەیە هەڵە بوو، چونكە كورد دۆستی ڕاستەقینەی ئەمەریكان و دوژمنی ڕاستەقینەی ڕژێمی ئێرانن.