دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی كە تێیدا دەڵێت، مەحموود ئەحمەدی نەژاد بەهۆی پێوەندیی لەگەڵ مۆسادی ئیسرائیل، لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەرە، نووسینگەی ئەحمەدی نەژاد لە ڕاگەیەنراوێكدا ئەو ڕاپۆرتەی بە درۆ خستەوە و بە "بانگەشەی هۆڵیوودی" ناوی برد.
نووسینگەی ئەحمەدی نەژاد لە ڕاگەیەنراوەكەیدا ئەو ڕاپۆرتەی بە "بانگەشەیەكی بێ بنەما" ناو بردووە و نیویۆرك تایمزی تۆمەتبار كردووە بەوەی كە "لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەدا، ئامادەیە گوتار و هەواڵی ساختە لە كەسانی خراپ و لەكەدار بڵاو بكاتەوە."
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی نووسینگەی ئەحمەدی نەژاددا هاتووە، ئەو "بەهۆی ڕەچاوكردنی بارودۆخی سیاسی و هەستیاریی وڵات و بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانی دوژمنان، سەرجەم ئەو بانگەشە درۆیانەی ڕۆژنامەی بێ ئابڕووی نیویۆرك تایمز و ئەو كەسانەی لە پشت ئەم پیلانەوەن" ڕەت دەكاتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ڕۆژی دووشەم لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە كە دەزگا هەواڵگری و سیخوڕییەكانی ئیسرائیل، پێوەندییان بە مەحموود ئەحمەدی نەژادەوە كردووە. ڕۆژنامەكە دەڵێت، دوای شەپۆلی یەكەمی هێرشەكان بۆ سەر تاران، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران لەلایەن بریكارەكانی ئیسرائیلەوە لە تاران گواستراوەتەوە بۆ ماڵێكی ئارام و پارێزراو.