لەگەڵ دووبارەبوونەوەی كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و نەبوونی ئەو كێشە لە عێراق، شارەزایان پێیان وایە بەغدا لە بابەتی رەوانەكردنی مووچە و هیتریش، مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و وەك پلە دوو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم دەكات.
ئیدریس شەعبان پەرلەمانتاری پێشوو بەرپرسیارەتیی دووبارەبوونەوەی كێشەی دواكەوتنی مووچە لە هەرێم دەخاتە ئەستۆی بەغدا و ئاماژە دەكات، بەغدا داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات مانگانە بڕی 120 ملیار دیناری وەك داهاتی ناوخۆ رادەست بكات، ئینجا پارەی مووچە رەوانە دەكات، ئەو نازانێت كە چیتر ئەو بڕە پارە بەردەست نییە، چونكە داهاتی ناوخۆی هەرێم لە دوای شەڕی ئێران و ئەمەریكا كەمی كردووە، بەتایبەتی كە زۆرینەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ ئێرانە.
روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق دۆلار بە نرخی فەرمیی بانكی ناوەندی بە بازرگانان دەدات، لەوكاتەی بازرگانانی كاڵاكانیان لە دەروازەكانی هەرێم دێنن، بۆ ئەوان دۆلار بەو نرخە نییە، ئەوەش وای كردووە بازرگانان كاڵاكانیان لە دەروازەكانی هەرێم نەهێنن بەهۆی جیاوازی نرخی فەرمی و بازاڕی دۆلار.
شەعبان پێی وایە بەغدا وەك پلە دوو مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات، چونكە مووچەی فەرمانبەرانی ناوەڕاست و باشوور خەرج دەكات و بۆ فەرمانبەرانی هەرێمیش وشكە پارە نییە، ئەوە دووپات لەو بیردۆزە دەكاتەوە كە حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای چینایەتی مامەڵە دەكات، ئەوەش لەگەڵ دەستوور یەك ناگرێتەوە كە جیاوازی لە مافی پێكهاتە و هاووڵاتییانی عێراق ناكات.