ئەمەریکا زنجیرەیەک هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد

:: PM:11:09:14/07/2026 ‌
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ سێشەم 14ی تەمووزی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە سەعات سێی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا، هێزەکانیان دەستیان بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی تر بۆ سەر ئێران کردووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامانج لەم هێرشە نوێیانە، بەردەوامبوونە لە لاوازکردنی تواناکانی ئێران کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکاری دەهێنێت.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە هێزەکانی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوە و سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێراندا.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا دووپات کراوەتەوە کە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران لە سەعات چواری پاشنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا بەتەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود