بە درۆن هێرش كرایە سەر بەندەری فاو

:: AM:10:19:15/07/2026 ‌
میدیاكانی عێراقی ئاشكرای دەكەن، بە درۆنێك هێرش كراوەتە سەر پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە، جگە لە زیانێكی مادیی سنووردار، هیچ زیانێكی تری نەبووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تەمووز، ماڵپەڕی شەفەق نیوز و چەندان ماڵپەڕی تر بڵاویان كردووەتەوە، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان لە پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو كەوتووەتە خوارەوە و تەقینەوەیەكی بەهێزی دروست كردووە.

لەبارەی زیانەكان دەگوترێ جگە لە زیانێكی مادیی سنووردار، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

ماڵپەڕی شەفەق نیوز ڤیدیۆیەكی بڵاو كردووەتەوە كە دەریدەخات فڕۆكەكە بەر شوێنێكی كراوەی پڕۆژەكە دەكەوێت و لە شوێنی خۆی گڕ دەگرێت.

چەند رۆژێكە جەنگی ئەمەریكا و ئێران دەستی پێ كردووەتەوە و پێشبینی دەكرێت هاوشێوەی جەنگی 40 رۆژە، رووداوی هێرشی مووشەكی و درۆن بۆ سەر عێراق دووبارە ببێتەوە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل