فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تەمووزی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن هێزەکانیان دامەزراوەیەکی مەدەنیی کۆگاکردنی گەنمیان لە شاری هۆوییزە بۆردمان کردبێت، و ئەو بانگەشانەی میدیا فەرمییەکانی ئێرانی بە "درۆ" وەسف کرد.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە 14ی تەمووزدا، هێزەکانی ئەمەریکا ئامانجی سەربازیی ئێرانیان لە ناوچەکانی بەندەر عەباس، خورموج، ئەهواز، قشم، تونب، بووشەهر و کووهێستەک بۆردمان کردووە، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوە و لاوازکردنی توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناو گەرووی هورمز.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش داوە کە لە هەمان کاتدا، ئێران خەڵکی مەدەنی و بێتاوانی کردووەتە ئامانج کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، هەروەها لە وڵاتانی دراوسێی کەنداویش هەمان کاری کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر لە ئەمڕۆ چوارشەم، ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سایلۆ و دامەزراوەیەکی کۆگاکردنی گەنم لە شاری هۆوییزە لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، ڕووبەڕووی بۆردمانێکی ئەمەریکا بووەتەوە.