دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، شەوی ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تەمووزی 2026، ڕای گەیاند کە باشترە بۆ ئێرانییەکان "ڕەفتاریان باش بکەن"، لە کاتێکدا محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستانکار، دووپاتی کردەوە کە جەنگ لەگەڵ ئەمەریکا "بنەڕەتی و چارەنووسسازە" چونکە ئامانج لێی ڕووخاندنی ڕژێم و پارچەپارچەکردنی ئێرانە.
ترەمپ لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانیدا سەبارەت بە هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران گوتی، حەز بە دیاریکردنی وادەی کۆتایی ناکەم. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە ناوچەکە گرژییەکی سەربازیی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا زنجیرەیەک بۆردمانیان کردە سەر ئامانجەکانی ئێران وەک وەڵامێک بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران.
پێشتر و لە ڕۆژی سێشەم، ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر تاران نەگاتە ڕێککەوتن، ئەوا هەفتەی داهاتوو بازنەی بۆردمانەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران فراوانتر دەکات تا وێستگەکانی کارەبا و پردەکان بگرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە و سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران لەسەر دانوستان، قالیباف ڕای گەیاند، ئێمە پێشوازیمان لە جەنگ نەکردووە و هەرگیز پێشوازیشی لێ ناکەین، بەڵام دەبێت هەمیشە ئامادەی شەڕ بین. لە پاڵ ئەوەشدا، دەبێت ئامرازەکانی دیپلۆماسی و دانوستان بەکار بهێنین بۆ بەدەستهێنان و جێگیرکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ترەمپ ئاشکرای کرد، نوێنەرانی ئەمەریکا لە پێوەندیدان لەگەڵ ئێران و داوایان لە تاران کردووە ڕێککەوتنێک بکەن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی کەناڵە دیپلۆماسییەکان سەرباری هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان.