سوپای ئەمەریکا، شەوی ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی تەمووزی 2026، ڕای گەیاند کە ئامرازەکانی چاودێری و ڕادارەکانی ئێرانی لە دوورگەی تونبی گەورە و دەوروبەری بەندەر عەباس لە باشووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
تیمۆسی هۆکینز گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند کە سوپای ئەمەریکا ئەو بۆردمانانە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان کەم بکاتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە بۆردمانەکان پێگەکانی هەڵدانی مووشەک و درۆنیان کردووەتە ئامانج کە ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان دەکران. دووپاتیشی کردەوە کە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک و لە ئێستەدا 50 هەزار سەربازیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
هۆکینز ڕوونی کردەوە، ئێران بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هێرش دەکاتە سەر دراوسێکانی، ئەمەش ژیانی خەڵکی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، هاوکات هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو هیچ کاریگەرییەکی ئۆپراسیۆنی لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا نییە. گوتەبێژەکەی سێنتکۆم ئەوەشی خستە ڕوو کە پێشکەوتنیان بەدەست هێناوە لە هەڵگرتنەوەی ئەو مینانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە گەرووی هورمز چاندبوویان، و دوای پاککردنەوەیان چەند ڕێڕەوێکیان کردووەتەوە و هاتوچۆی دەریاوانی بەردەوامە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر سێنتکۆم دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بۆ پێنجەمین شەوی لەسەریەک ڕاگەیاندبوو.
لە لایەکی ترەوە، تەلەڤزیۆنی ئێران شەوی پێنجشەم پشتڕاستی کردەوە کە گولـلەی ئەمەریکی ناوچەکانی باشووری بەندەر عەباسی کردووەتە ئامانج، هاوکات میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە بەندەر عەباس، بووشەهر، چابەهار و کونارەک کرد.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئێران مووشەک و درۆنی ئاراستەی بەحرێن، ئوردن و کوێت کرد، لە کاتێکدا سوپای ئەو وڵاتە هەڕەشەکانی توندتر کرد و هۆشداریی دا کە هەر بۆردمانێکی ئەمەریکا بۆ سەر ژێرخانی ئێران، بە فراوانکردنی بازنەی ئۆپراسیۆنەکان وەڵام دەدرێتەوە. ئەم پێشهاتانە دوای داڕمانی ئەو لێکتێگەیشتنە کاتییە دێن کە شەڕی نێوان هەردوولای ڕاگرتبوو، لە کاتێکدا مەترسیی فراوانبوونی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە.