کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکا و بێسەروشوێنبوونی سەربازێکی تر ڕاگەیەنرا

:: PM:08:21:18/07/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 18ی تەمووزی 2026، لە راگەیەنراوێكی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکادا هاتووە کە بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی ئێرانەوە بۆ سەر ئوردن، دوو سەربازی ئەمەریکا کوژراون و سەربازێکی تریش بێسەروشوێنە، هاوکات چوار سەربازی تریش بەهۆی برینداربوونەوە چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە.

لە راگەیەنراوەكەدا ڕوون کراوەتەوە، لە 17ی تەمووزدا، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکام) بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە هاوبەشەکانیان، بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ئێرانیان بۆ سەر ئوردن داوەتەوە، لە ئەنجامدا دوو سەربازی ئەمەریکا کوژراون و سەربازێکی تریش لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا بێسەروشوێن بووە.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە چوار سەربازی تری ئەمەریکا بەهۆی پێکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئوردن کراون، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. هەروەها چەند کارمەندێکی تریش کە پشکنینیان بۆ کراوە بەهۆی برینی سووکەوە، گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

لە کۆتایی راگەیەنراوەكەدا دووپات کراوەتەوە کە بۆ ڕێزگرتن لە خێزانی قوربانییەکان، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا بڵاوکردنەوەی زانیاریی زیاتر و ناسنامەی سەربازە کوژراوەکان ڕادەگرێت، تا ئەوکاتەی 24 سەعات بەسەر ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکانیاندا تێدەپەڕێت.


وشە - پۆڵا مەحموود