بڕیارێکی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا مشتومڕی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت

:: PM:09:25:18/07/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 18ی تەمووزی 2026، بڕیارێکی پیت هیگسێس وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانەی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن كە بە هۆڕمۆنی "پیاوەتی" ناسراوە، بۆ ئەندامانی هێزە سەربازییەکان و سەربازانی یەدەگی تەمەن 30 ساڵ و سەرووتر، مشتومڕێکی زۆری لە نێوان شارەزایاندا دروست کردووە. لە کاتێکدا وەزیر پێی وایە ئەمە ئامادەییی سەربازی بەرز دەکاتەوە، پزیشکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو هۆرمۆنە پێوەندیی بە توانای شەڕکردنەوە نییە و هۆشداری لە مەترسییەکانی چارەسەری هەڕەمەکی دەدەن.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە چوارچێوەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دێت لە سیاسەتەکانی چاودێریی تەندروستیدا. پێشتر هیگسێس بڕیاری کوتانی زۆرەملێی دژی ئەنفلەوەنزای بۆ سوپا هەڵوەشاندبووەوە، لەلایەکی تریشەوە وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان 17 ئەندامی لیژنەی ڕاوێژکاریی تایبەت بە ڤاکسینی دوور خستووەتەوە و گۆڕانکاریی لە ڕێنوێنییەکانیدا کردووە.

لەم چوارچێوەیەدا، پێنج لە کۆی شەش شارەزای بواری تەندروستیی پیاوان سەرسوڕمانی خۆیان لەو بڕیارە دەربڕیوە و هۆشدارییان داوە لەوەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی وەرگرتنی چارەسەری ناپێویست یان زیانبەخش. هاوکات چوار پزیشکیش لەو گرووپە دووپاتیان کردووەتەوە کە هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت پشکنینی ئەو هۆرمۆنە بۆ گشت سەربازانی سەرووی 30 ساڵ، توانای جەنگیی ئەمەریکا باشتر دەکات.

کێڤن مکفاری، پسپۆڕی میزەڵدان و ئەندامی لیژنەی ڕاوێژکاریی کۆمپانیای "ڕۆجیت" ڕای گەیاندووە، هەرچەندە هەندێک نەخۆش کە هۆرمۆنەکە وەردەگرن هەست بە باشتربوونی توانای مێشک و بەرگەگرتن دەکەن، بەڵام بەڵگە زانستییەکان یەکلاکەرەوە نین و تەنیا پشت بەو کەسانە دەبەستن کە نیشانەی کەمیی هۆرمۆنەکەیان هەیە. 

ئەو پزیشکە دووپاتی کردەوە کە پێدانی ئەو هۆرمۆنە بەبێ بوونی نیشانەی دیار، دەبێتە هۆی وەرگرتنی چارەسەری زیادە و لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت، بەتایبەتی بۆ گەنجان کە هێشتا خێزانیان پێک نەهێناوە. مەترسییەکانیش بریتین لە نەزۆکی، خەستبوونەوەی خوێن، کێشەی پرۆستات، زیپکە، هەڵوەرینی قژ و گۆڕانی میزاج.

لە بەرانبەردا، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە پشکنینەکان ئارەزوومەندانە دەبن و هاوپێچ دەبن لەگەڵ ڕێنوێنیی پزیشکی بۆ یارمەتیدانی سەربازەکان لە بڕیاردان. ئامانجیش لێی دڵنیابوونە لە گونجاویی ئاستی هۆرمۆنەکە بۆ باشترکردنی توانای جەستەیی و بەرگەگرتنی سەربازەکان. تا ئێستەش پێنتاگۆن هیچ ڕێنوێنییەکی وردی بڵاو نەکردووەتەوە لەسەر چۆنیەتیی هەڵسەنگاندنی ئەنجامی پشکنینەکان یان ئەوەی ئایا پشکنینەکە هەردوو ڕەگەز دەگرێتەوە یان تەنیا پیاوان، بەتایبەتی کە پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن ئافرەتان بەدەگمەن پێویستیان بە جێگرەوەی ئەو هۆرمۆنە دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود