زەیدی هەوڵی ناوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن و ریاز دەدات

:: PM:06:47:19/07/2026 ‌

دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانێكی فەرمی بۆ واشنتن دەست پێ كرد، دوێنێ شەموو كۆتایی بە سەردانەكەی هێنا، تا ئێستە بە وردی دیار نییە زەیدی لە واشنتن چی كردووە، دیار نییە ئاخۆ سەرۆكی ئەمەریكا كە ستایشی زەیدی كرد، لە رێگەیەوە پەیامێكی بۆ ئێران رەوانە كردووە، بەتایبەتی كە بڕیارە ئەو لە دوای واشنتن سەردانی وڵاتانی ناوچەكە بكات.

بەیانیی ئەمڕۆ لە یەكەم وێستگەی لە دوای واشنتن زەیدی گەیشتە دۆحەی پایەتەختی قەتەر، بەپێی چەند سەرچاوەیەك ئەو لەگەڵ میری قەتەر باسی چۆنیەتی كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوچەكە و دیاریكردنی رێڕەوێكی نوێی شوێنگرەوەی گەرووی هورمزیان بۆ هەناردنی نەوت و غاز بۆ بازاڕەكانی دنیا كردووە.

سەرچاوەیەكیش لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی كرد كە پێشتر خشتەی سەردانە دەرەكییەكانی زەیدی خراوەتە بەردەم سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لەوانە بۆ تاران، زەیدی رۆڵی ناوەندگیر لە نزیككردنەوەی ئێران و ئەمەریكا دەبینێت، جیا لە هەوڵەكانی لێكنزیككردنەوەی سعوودیە و ئێران، سەبارەت بە سەردانی توركیان باسی دۆسیەكانی ئاو و ئاسایش دەكات، زەیدی هەوڵ دەدات ئەو پاڵپشتییەی لە ئەمەریكا بە دەستی هێنا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەكار بێنێت. 

ئەمە و بڕیارە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە زەیدی سەردانی تاران بكات، ئەوەش لە چوارچێوەی جموجۆڵێكی عێراق بۆ هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، پێشنیازێكی عێراق بۆ نەهێشتنی پەرەسەندنە سەربازییەكان لە نێوان تاران و واشنتن دەخاتە روو، ئەو بابەتەی لە دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو خستبووە روو و ئەویش پێشوازی لێ كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل