ئەمڕۆ یەکشەم 19ی تەمووزی 2026، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد کە وڵاتەکەیان ژمارەیەکی زیاتر لە فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ ئامادەکاریی ئیدارەی ترەمپ بۆ فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکان دژی ئێران لێک دەدرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیاری ناردنی فڕۆکەکان پێش هێرشەکەی سەر ئوردن دەرچووە و ئیسرائیلیش چاوەڕێی وەرگرتنی فڕۆکەی سووتەمەنیی زیاتر دەکات.
بەپێی قسەی بەرپرسەکان کە بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" قسەیان کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16ی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا لە ئەڵمانیاوە، هەروەها فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی F-35 لە بەریتانیاوە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێن. هاوکات ژمارەیەکی زیاتری فڕۆکەی تایبەت بە پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە ئاسماندا ڕوویان لە ناوچەکە کردووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە فەرمانی ناردنی فڕۆکە جەنگییە زیادەکان بۆ ناوچەکە، پێش ئەو هێرشەی ئێران دەرچووە کە ڕۆژی هەینی کرایە سەر ئوردن و تێیدا دوو سەربازی سوپای ئەمەریکا کوژران، سەربازێکی تر بێسەروشوێن بوو و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل ڕای گەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل ژمارەیەکی زیاتر لە فڕۆکەی سووتەمەنیی ئەمەریکی وەربگرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران. ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"یش لە زاری سێ بەرپرسی ئەمەریکی و ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئیدارەی ترەمپ، ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی دەیان فڕۆکەی سووتەمەنیی زیاتری بۆ دەنێرێت، پێش فراوانکردنی ئەگەریی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی ئێران.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا و ئێران بۆردمانەکانیان بۆ سەر یەکتر چڕ کردووەتەوە، دوای ئەوەی مانگێک لەمەوبەر ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتیی نێوانیان هەڵوەشایەوە، ئەمەش ئەگەری گەڕانەوە بۆ جەنگ زیاد دەکات، هەرچەندە ئیسرائیل بەشداریی لە نوێترین هێرشەکانی ئەمەریکادا نەکردووە.