عەلی زەیدی سەردانی تاران دەكات

:: PM:08:31:19/07/2026 ‌

لە دوای سەردانە فەرمییەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو، بەشێك لە بەرپرسانی ئێران رەخنەی توندیان لەو گرت، بەتایبەتی كە سەرۆكی ئەمەریكا باسی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی كرد، دوای ئەوەی دوێنێ شەموو زەیدی گەڕایەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی سەردانێكی فەرمیی زەیدی بۆ تاران لە كۆتای ئەم هەفتەیە دەكات. 

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەم محەمەد حوسێن بەحر علووم بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەگەڵ كازم ئالسادق باڵوێزی ئێران لە عێراق تاوتوێی رێوشوێن و كارنامەی سەردانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان بۆ تاران لە كۆتایی ئەم هەفتەیە كرد، باسی واژووكردنی ژمارەیەك رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتنیان لە بوارە جۆراوجۆرەكان، هەروەها باسی پێوەندییەكانی عێراق و ئێرانیان كرد. 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی كرد كە پێشتر خشتەی سەردانە دەرەكییەكانی زەیدی خراوەتە بەردەم سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لەوانە بۆ تاران، زەیدی رۆڵی ناوەندگیر لە نزیككردنەوەی ئێران و ئەمەریكا دەبینێت، جیا لە هەوڵەكانی لێكنزیككردنەوەی سعوودیە و ئێران، سەردانەكە لە چوارچێوەی جموجۆڵێكی عێراق بۆ هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە دێت، زەیدی پێشنیازێكی عێراق بۆ نەهێشتنی پەرەسەندنە سەربازییەكان لە نێوان تاران و واشنتن دەخاتە روو، ئەو بابەتەی لە دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو خستبووە روو و ئەویش پێشوازی لێ كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل