شارەزایان: سەردانەكەی واشنتن داماڵینی چەك زەحمەتتر دەكات

:: PM:09:48:19/07/2026 ‌

بەر لە سەردانی بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی بە دوو هەڵمەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كرد، كە شارەزایان هەردوو هەڵمەت بە سەرەتایی و نوێ دادەنێن، هاوكات ئەركی حكوومەت تیایان ئاسان نابێت، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە نزیكبوونەوەی زەیدی لە واشنتن ئەركەكانی لەو دوو هەڵمەتەی دەستی پێ كردووە زەحمەتتر دەكەن.

راوێژكارێكی پێشووی حكوومەتی عێراق گوتی، سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن، بێزاری و توڕەیی ئێرانی لێ كەوتەوە، لە ئەگەری هەنگاونانی زەیدی بەرەو گەمارۆدان و گوشارخستنە سەر میلیشیاكان و سەركردەكانیان و داماڵینی چەكی ئەوان، هاوكات ئەو رێككەوتننانەی لە واشنتن واژوو كران، دەبێتە هۆی لاوازبوونی هاوپەیمانیی بەهێزی ئابووریی بەغدا و تاران، ئەمەریكا كار لەسەر دروستكردنی تۆڕێكی فرەوانی وزە و كارەبا و گواستنەوە و بازرگانی لە ناوچەكە دوور لە ئێران دەكات.

روونی كردەوە، بەتایبەتی هێڵی نەوتی كەركووك- بانیاس، دژی ئێرانە و راستەوخۆ ئەمەریكا سەرپەرشتی دەكات، چەند مەبەستێك دەپێكێت، لەوانە بێبایەخكردنی گەرووی هورمز كە بەهێزترین چەكی ئێرانە، لای خۆیەوە محەمەد عەلەویە توێژەری سیاسی دەڵێت، مەترسییەكانی ئێران لە سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن و ئەو گرنگیدانە گەورەی ئەمەریكا بە سەردانەكە درا، رەنگدانەوەی لەسەر نەیاریی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە دژی حكوومەتی زەیدی دەبێت، ئەركی زەیدی لە داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی سەختتر دەكەن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل